وەزارەتی دارایی هەرێم ئاگاداری فەرمانبەران دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو بڕە پارەیەی لەموچەی مانگی پێنجی موچەخۆران بڕدراوە، پەیوەندی بە وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە هەیە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، لەگەڵ دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من، چەند پرسیارێک لای فەرمانبەران دروست بووە و لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بڕەپارەیەکیان بەراورد بەمانگەکانی پێشوو لێبڕاوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر موچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە، هەروەها  لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە رێژەی لە سەدا یەک بڕدراوە.

وەزارەتی دارایی بەم سێ خاڵەی خوارەوە، روونکردنەوەی بە فەرمانبەران داوە بۆ لێبڕینی موچەی مانگی ئایار....

1- سەبارەت بەو لێبڕینە کە بڕەکەی تەنها لە (٪1)ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە و لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە.

2- ئەو لێبڕینی (٪1)ە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بەهیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە.

3- ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.

سەرجەم فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە.