لە سلێمانی تۆمەتبارێک لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک و بریندارکردنی کەسێکی دیکە دەستگیرکرا، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: تۆمەتبارە لە دایکبووی ساڵی 2004ە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە لەروداوی کوشتنی هاووڵاتییەک و بریندارکردنی هاووڵاتییەکی دیکە، لەگەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەکەو کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری کرا و بریندارەکەش بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیەنرایە نەخۆشخانە.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند توانرا تۆمەتباری روداوەکە بەناوی (ئـ، ن، م لەدایکبووی 2004) لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتن دەستگیربکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان تۆمەتبارو هەردوو تاوانلێکراودا، تۆمەتبار بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەریان و لەئەنجامدا یەکێکیان دەکوژێت و هاوڕێکەشی بریندار دەکات.

پۆلسی سلێمانی راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.