بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ: هەر هاووڵاتیەک ئاوگرەوە لە تانکی ماڵەکەی نەبەستێت 50 هەزار دینار سزای دەدەین
رەوەز
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رایگەیاند، هەر هاوبەشێکی ئاو کە ئاوگرەوە (تەوافە) لەسەر تانکی ئاوەکەی نەبەستێت، دوای دووجار ئاگادارکردنەوە، بە بڕی50 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارەکە پاڵپشتە بە ماددەی حەوت لە یاسای ژمارە چواری ساڵی 2021 کە تایبەتە بە پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، ئامانج لەم هەنگاوە رێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی ئاو و پاراستنی تۆڕە گشتییەکان، بۆیە داوا لە سەرجەم هاوبەشان دەکات پابەندی بڕیارەکە بن بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای دارایی نەبنەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە بەهۆی نەبوونی ئاوگرەوە (تەوافە) لەسەر تانکی ماڵان، ساڵانە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەچێت و فشار لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو دروست دەکات.