ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
هەساو ئەمیر
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تیایدا باس لە دوایین لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان لەگەڵ عیراق و رێکخستنی کارەکانی دەستەی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا دوو بڕگە تاوتوێ دەکات.
بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەكەمدا دوایین پێشهاتەكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی تاوتێ دەکەن، کە تایبەتە بە دۆسیەی موچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی.
هەروەها، لە بڕگەی دووەمدا كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی رێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەمەبەستی دانانی میكانیزمی رێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاوتوێ دەكرێت.