بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی عەلی باپیر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکرد و رایگەیاند، رۆڵی مامۆستا عەلی باپیر و کۆمەڵی دادگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا، بەرزدەنرخێنین و جەخت لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و هاریکاریی نێوانمان دەکەینەوە.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی.......

بەڕێز/ مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

 

بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵ دەکەم و وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

رۆڵی بەڕێزتان و کۆمەڵی دادگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بەرزدەنرخێنین و جەخت لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و هاریکاریی نێوانمان دەکەینەوە لەپێناو یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و رێکخستنەوەی ماڵی کورد.

هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و کاری پێکەوەیی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان پێویستییەکی لەپێشینەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتمانییان.

 

سەربەرز و سەرکەوتووبن

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان