قوباد تاڵەبانی: هەرێم دەیەوێت کێشەکان بەپێی دەستور چارەسەربکات
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئينان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2025 لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران پرۆسەی لەناوبردنی چەکی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت. لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و رایگەیاند: هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستور چارەسەر بکات. باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.


