وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو یەكەكانی نیشتەجێبون بەسەر كرێنشین و كەمدەرامەتان دابەشدەكرێت.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، لە رێورەسمێكدا وەزارەتەكەیان، ناوی سودمەندان رادەگەیەنێت بۆ وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و دواتر بەرەسمی بانگهێشتدەكرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبون.

راشیگەیاند، ژمارەی یەكەكان زیاتر لە نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێكیان لە قۆناغی كۆتاییدان و بەشێكیان كاركردن تیایاندا بەردەوامە، سەرجەم یەكەكان دابەش دەكرێن بەوانەشی كە لەئێستادا تەواو نەكراون، بۆ ئەوەی خێزانی سودمەندبوو دڵنیا بێت لەوەی كە یەكەیەك كراوە بە ناویەوەو هەركات تەواوكرا تیایدا نیشتەجێ دەبێت.

لەرابردودا زیاتر لە (25)هەزار خێزان فۆرمی یەكەی نیشتەجێبونیان بەشێوەی ئۆنلاین پڕكردەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی و جیاكردنەوەی ناوەكان بە خاڵبەندی ئەنجامدرا، یەكەكان بە قیستی درێژخایەن و بەبێ پێشەكی دەدرێت بە خێزانەكان و بەقیستی مانگانە و بە ماوەی 25 ساڵ پارەكەیان لێوەردەگیرێتەوە.