سەرۆک کۆمار پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی روداوەکەی واست کردووە
هەساو ئەمیر
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی روداوەکەی پارێزگای واست کردووە و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی سەلامەتی لەکاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا، رێگە نەدەن ئەو جۆرە روداوانە دووبارە ببنەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە، "بەداخەوە هەواڵی ئەو روداوە بەئازارەی پارێزگای واستمان پێگەیشت، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین، هیوادارین خودا ئارامییان پێببەخشێت و شیفای بریندارەکانیش بدات".
سەرۆک کۆمار جەختی لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری روداوەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون؛ کردووەتەوە.
داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەدواداچوون بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێکارە پیشەییە سەلامەتەکان لە باڵەخانەکاندا، بۆ ئەوەی رێگربن لە دووبارەبوونەوەی روداوی بەئازاری لەو جۆرە".
بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە مۆڵێکی پارێزگای واست کەوتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.