وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "نیگەرانین لە بەردەوامبوونی هێرشەکان و ئیدانەیان دەکەین".

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی رەسمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 7:10ی ئێوارە، بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایەوە سەر کێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک.

لە راگەیەندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە کە لەم هێرشەدا جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. ئاماژە بەوەشدراوە؛ ئەمە دووەمین جارە ئەم کێڵگەیە بەرەوڕووی ئەم هێرشە دەبێتەوە.

هێرشەکانی رۆژانی 14، 15 و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و کێڵگە نەوتییەکانی خۆرمەڵە، سەرسەنگ، بیشخاپوور و عین سفنی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست کردووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نیگەرانییەکی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەربڕیوە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە؛ کە ئەم هێرشانە مەترسیی لەسەر هاووڵاتییانی ناوچەکە و سەلامەتی کارمەندانی مەدەنی کەرتی وزە دروست دەکات.

وەزارەتەکە دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بێنە سەر خەت بۆ:

- پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکە.

- پاراستنی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی وزە.

- ڕێگرتن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.

هەروەها داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە کە بەئەرکی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت. 16ی تەمووزی 2025