ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی پەیامێکی بڵاوکردەوە
راهۆز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سەر دواپێشهاتەکانی پرسی موچەو گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابورییەکان لە سلێمانی کۆبووەوە و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی:
ئەمڕۆ (١٦-٧-٢٠٢٥) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە .
کۆبوونەوە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواپێشهاتەکانی پرسی مووچەو گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دیاردەی دزێوی پەلاماردانی شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بە درۆن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەکان .
سەرکردایەتی یەکێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنکارانەی کرد کە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵاتەکەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .
کۆبوونەوە داواشیکرد حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاوڵاتیانی کوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلکاریانە رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک، بە تایبەت پێویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی .
کۆبوونەوە تەئکیدی لەسەر ستراتیژی کوردستانی و پێکەوەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ و تیمی کوردستانی کرد لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لەهەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئومێدی سەرخستنی هەوڵەکان و پابەندبوونی هەموولایەک پێوەی روونیکردەوە ئەوەی بەدەست هاتووە بەرهەمی یەکڕیزی و پێکەوەیی هەڤاڵانی سەرکردایەتیی یەکێتییەکەمانە کە پشتیوانمانن و دەستکراوەیان کردووین بۆ داکۆکی زیاتر لە ویست و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بە پێکەوەییمان و یەکڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داکۆکی لە شایستە داراییەکانی خەڵکەکەمان بکەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان باشتر بپارێزین .
کۆبوونەوە هەروەها چەند پرسێکی تری سیاسی تاوتوێکرد و هەڵسەنگاندیان بۆ کرا






