ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ دەكات لەبارەی هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سبەینێ كۆدەبێتەوە و كارنامەكەی هەشت بڕگە لەخۆی دەگرێت، یەكێكیان هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهێنانیەتی.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا كارنامەی دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنەكەی بڵاوكردەوە كە هەشت بڕگە لەخۆی دەگرێت.
تەوەری یەكەم دەنگدانە بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی راژەی فیدرالی و تەوەری دووەم دەنگدانە بە سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت.
لە تەوەری سێیەمدا دەنگ دەدرێت لەسەر هەمواری یەكەمی یاسای گۆڕینی بڕوانامەكان، یەكێكی تر لە تەوەرەكان گفتوگۆكردنە لەبارەی پرۆژەیاسای پارێزگاریكردن و باشكردنی ژینگە.
وەك ئەوەی لە كارنامەكەشدا هاتووە، تەوەری هەشتەم تایبەت دەبێت بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران پێكهێنانی ئەنجومەنەكە.