بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، "لە کۆگایەکی ناحیەی چوارقوڕنە دەست بەسەر شەش تۆن هەنجیری وشککراوەی خراپبوودا گیرا".

لە راگەیەندراوێکدا بەشی ئابوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت، بە هەبوونی زانیاری پێش وەخت و دوای چاودێریکردنی کۆگایەکی هەڵگرتنی خواردەمەنی لەلایەن هۆبەی ئابوری یاریدەدەرێتی ئاسایشی چوارقوڕنە لەشەوی رابردوودا لە کۆگایەکی ناحیەی چوارقوڕنە کە هەنجیری خراپ بووی بێ کەڵک و بەروار ساختەکراوی تێدا بەبێ ئیشکردنی ساردکەرەوە تێدا هەڵگیراوە.

ئەوەش باسکراوە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی 7ـی 2025، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ئاسایش، بەشی ئابوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین بەهاوبەشی لیژنەی قایمقامیەت دەستیان بەسەر شەش تۆن هەنجیری ووشکراوەدا گرتووە و خاوەنەکەی  بەفەرمانی دادوەر بەماددەی 10 لە یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر راگیراوە، هەروەها خاوەنەکەی ویستویەتی ئەو شەش تۆن هەنجیرە  بەسەر چەرەسات فرۆشەکان و بەهارات فرۆشەکانی سنورەکەدا دابەش بکات.