بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان 'دەم پارتی' کرد کە پێکهاتبوون لە تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان؛ سەرهات ئەرەن و مەهمەت کاماچ، پەرلەمانتارانی دەم پارتی.

لە دیدارێکدا سەرۆک بافڵ بە گەرمی پێشوازی لە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و وتی، ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە باکووری کوردستان و تورکیا کە لە ئاشتی و پێکەوەژیان پێکهاتبێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، وەک چۆن سەرۆک مام جەلال ئەندازیاری سەرەکیی پرۆسەی ئاشتی بوو و بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لە نێوان قەندیل و ئەنکەرەدا کردەوە، ئێمەش لەسەر رێبازەکەی بەردەوامین.

لای خۆیەوە، وەفدی دەم پارتی سوپاس و پێزانینیان بۆ رۆڵی ئەرێنی و پشتیوانییە بەردەوامەکانی سەرۆک بافڵ و یەکێتی دەربڕی کە بەشێکی گرنگن لە سەرخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و دوایین پەرەسەندنەکانیان خستەڕوو.