وەزارەتی ناوخۆ: رێکاری یاسایی تایبەت بە شەڕەکەی ناوچەی خەبات دەستی پێ کردووە
هەساو ئەمیر
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، رێکاری یاسایی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکارانی شەڕەکەی ناوچەی خەبات دەستی پێ کردووە. دەشڵێت، توانراوە کێشەکە سنوردار بکرێت و ئارام بکرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو شەڕەوە بڵاوکردووەتەوە کە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە قەزای خەباتی سەر بە هەولێر لەنێوان هۆزی هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر سەری هەڵدا.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە کێشەکە سنوردار بکرێت و بە هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکەش، ناوچەکە ئارام بکرێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.
داواش لە خەڵکی قەزاکە دەکەن، "بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن و بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێنماییەکانی ئاسایش، هەروەها هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە".
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: ئارامی و ئاسایشی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات.
رۆژی 8ی ئەم مانگە بەهۆی کێشەی زەوی و زار لەنێوان دوو هۆزدا؛ شەڕ لەنێوان هۆزی هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێردا دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکە بریندار بوون.