د.هەڵۆ عەسکەری: پێداگریمان كردووە لانیكەم موچەیەك رەوانەی هەرێم بكرێت
محەمەد رزگار
٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزیری ژینگەی عیراق دەڵێت: وەزیرانی كورد لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەنگ بوون و لەگەڵ د.خالید شوانی پێداگریمان كردووە لانیكەم موچەیەك رەوانەی هەرێم بكرێت تا کێشەکان چارەسەر دەکرێت.
د.هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پرسی موچەی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بوو، هەرەوەها هیچ وەزیرێك دژی ناردنی موچەی هەرێم نەبووە.
وتیشی، پێشتر سودانی لەپێناو چارەسەری كێشەكان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی موچەی بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام لە ئێستادا وەزیرەكان داوایان كردووە هەرێم هاوشێوەی عیراق پابەندییەكانی جێبەجێ بكات.
وەزیری ژینگەی عیراق راشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانە راست نین كە دەڵێن شیعە و سوننە دژی ناردنی موچە بوون بۆ هەرێم، هەروەها لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق جەختكراوەتەوە لەسەر چارەسەری پرسی موچەی هەرێم.