بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ موچەی مانگەكانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێم نەدرا، بەڵام سودانی لیژنەیەكی وزاری پێنج كەسی پێكهێنا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كێشەكە بكات .

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی پابەندییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دوو رەشنووسی كردووە بۆ رادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی هەرێم و پرسی موچەی فەرمانبەران و بە بانكیكردنی موچەكانیان، رەشنووسەكانیش یەكێكیان لەلایەن حكومەتی عیراق و ئەوەی تریان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئامادەكراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی وزاری، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە و خوێندنی باڵا و داد و تەندروستی  بۆ تاوتوێكردنی ئەو دوو رەشنوسە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم، دواتریش لیژنەكە راپۆڕتێك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەكاتەوە بۆ تاكو لە زووترین كاتدا بڕیاری لەسەربدرێت.

هاوكات، هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەكە كە دوو ئەندامیان كوردن رۆژی چوار شەممە یەكەم كۆبوونەوە دەكەن و بە هیوان لەماوەی 24 بۆ  48 سەعاتی داهاتوودا كارەكانیان تەواو بكەن و راپۆرتێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بكەنەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ رێكبخرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.