د.هەڵۆ عەسکەری: لیژنەیەک بۆ کێشەی موچەخۆرانی هەرێم پێکهێنرا
محەمەد رزگار
٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدرا، هەروەها لیژنەیەک بۆ بەدواداچون لە کێشەی موچەخوۆرانی هەرێم پێکهێنرا.
د.هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عیراق بەکوردسات نیوزی راگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەوڵمماندا موچەی مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت، دواتر دەست بەدانانی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکە بکرێت بەڵام بڕیاری ئەوە نەدرا.
وەزیری ژینگەی عیراق بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کۆکردنەوەی ئامار و داتای ورد لەلای وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانیش.
د. هەڵۆ عەسکەری ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان و ئەندامەتی وەزیرەکانی خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی و دادی عیراق دەبێت کەدوانیان کوردن.
راشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەکەی راسپارد لەماوەی 24 سەعات یان48 سەعاتی داهاتوو کاری خۆیان بکەن و پێشنیاز و راسپاردەکانیان بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تاوەکو بریاری لێبدرێت.
وتیشی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، هەر کاتێک لیژنەکە کاری خۆی ئەنجامبدات، ئێمە ئامادەین بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەگەر لەرۆژی هەینیشدا بێت.