گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە، هێشتا نەیگەیشتوەتە خاڵی هاوبەش و وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11 وەفدی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد؛ دوێنێ وەفدی هەرێم بە ئامادەبوونی سێ وەزیری کورد، بۆ ماوەی 7 کاتژمێر و35 خولەک لەگەڵ نوێنەرانی نوسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبوەتەوە، بەڵام بێ ئەوەی بگەن بە هیچ ئەنجامێک.

بەپێی زانیارییەکان، دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی دوێنێ، شەوی رابردوو، بەمەبەستی راوێژکردن وەزیرە کوردەکان و چەند بەرپرسێکی دیکەی کورد، لەماڵی د.فواد حسێن کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکە کەمتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە. 

پەیامنێری کوردسات نیوز سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەو، رایگەیاند؛ سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆبوونەوەکەوە ئەو زانیارییەی رەتکردەوە و پێی راگەیاندم؛ "دوورە لە راستیەوە."

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشدا؛ وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر11، بەر لە دەستپێکردنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کە کاتژمێر 1 بەڕێوە دەچێت. وەفدی هەرێم کۆبونەوەکانی لەگەڵ حکومەتی عیراق لە پێناو گەییشتن بە رێکەوتن دەستپێ بکاتەوە.

سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران کە وابڕیارە کاتژمێر یەک بەڕێوەبچێت، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند؛ "تا ئێستا، پێناچێت لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پرسی مووچەی هەرێم ببردرێتە نێو دانیشتنەکە و باس بکرێت، چوونکە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تا ئێستا ئەنجامێکی باشی نەبوە، تا رێکەوتنی لەسەر بکرێت و بڕیاری خەرجکردنی مووچەی لێبکەوێتەوە".