ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان چاڵنجێک ئاڕاستەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان چاڵنجێک ئاڕاستەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات و داوادەکات بازاڕێكی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێتەوە کە ئیمزای وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێویستە.
رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات، تەلارێک بکرێتە بازاڕێکی تایبەت بە (خاوەن پێداویستی تایبەت) تا ببێتە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
دەشڵێت، بەپێی ئەم پلانەی بیرمان لێکردوەتەوە بۆ بازاڕەکە، لانیکەم ماڵی 200 خێزان ئاوەدان دەکاتەوە و بژێویان بۆ دەستەبەر دەکات، کە ئەم خزمەتە گەورەیە تەنها ئیمزایەکی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێویستە.
دەقی داواکەی رەوەز ئەحمەد شا.........
چاڵنجێک بۆ بەڕێز وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی
بفەرموون باپێکەوە تەلارێکی گەورە بکەینە بازاری کار بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەشارە حەیاتەکە.
بانگهێشت
لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە شاری سلێمانی، وەک خۆم رەوەزی ئەحمەد شاه ، بانگەوازێک ئاراستەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەم.
داواکارم ئەو تەلارەی کەوتۆتە پشت بینای قایمقامیەت و نزیک بەریدەکە و بەناوی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە دروستکراوە لەسلێمانی و دەرگاکانی قفڵ دراون و زياتر لە ماوەی (15)ساڵە دوکانەکانی جێهێڵدراون بە چۆڵی، بەهەوڵی هەموومان بکرێتە بازاڕێکی تایبەت بە (خاوەن پێداویستی تایبەت) تا ببێتە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
داوا لە بەڕێز وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکەم لەچوارچێوەی ئەو ئامانجانەدا کە وەزارەتەکەی کاری بۆ ئەکات و لەپێناویدا دامەزراوە، دەرفەت بداتە کەمئەندامان لە سلێمانی تا لەمەودوا هەوڵ بدەین خاوەن پێداویستی تایبەت بکەینە خاوەنکار لەپێناو باشتربونی باروگوزەرانیان، بەڵکو بەپێی ئەم پلانەی بیرمان لێ کردۆتەوە بۆ بازاڕەکە کە لانیکەم ماڵی 200 خێزان ئاوەدان دەکاتەوە و بژێویان بۆ دەستەبەر دەکات، کە ئەم خزمەتە گەورەیە تەنها واژوویەکی بەڕێزیانی پێویستە.
دواجار بەناوی خۆم و سەرجەم دەنگدەرانم و هاووڵاتیان و خەمخۆران و دڵسۆزانی ئەمشارەوە داواتان لێ دەکەین دەسەڵاتی خۆتان بەکاربهێنن بۆ تەرخانکردنی ئەم تەلارە وەک بازاڕێک بۆ (خاوەن پێداویستی تایبەت)، کە هیچ تێچوویەکی نابێ لەسەر وەزارەت و حکومەت و سەرەنجام خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لێی سودمەند دەبن.
ڕەوەزی احمد شاە ( ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ).





