قوباد تاڵەبانی لە پارکی هەواری شار بەردی بناغەی جین بانکی دانا
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پارکی هەواری شار بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانکی دانا، پڕۆژەکە گەشتوکاڵییە و چەندین هەلی کار دەرەخسێنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە رێوڕەسمێکدا لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و د. سەلاح، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عیراق و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ، بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانکی دانا.
جین بانک پرۆژەیەکی گرنگیی ستراتیژی گەشتوکاڵییە و بودجەکەی لەلایەن رێکخراوی فاوەوە دابین کراوە. پرۆژەکە لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت بە ئامانجی کۆکردنەوە و پاراستنی بنەتۆ و رەگەز و وەچەی ئەو رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە مۆرکی رەسەنی کوردستانی و عیراقیان پێوەیە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ناوەندێکی زانستیش دادەمەزرێت بۆ توێژینەوە لەسەر رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و چۆنییەتی پاراستنیان و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دەڕەخسێنێت.



