خێرایی رەشەباکەی شەوی رابردوو لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا
هەساو ئەمیر
٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
کەشناسیی سلێمانی ئاستی خێرایی ئەو رەشەبایەی بڵاوکردەوە کە شەوی رابردوو چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتبووەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند شوێنێک گەیشتووەتە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
کەشناسیی سلێمانی رایگەیاندووە، بەرزترین خێرایی با لە 24 سەعاتی رابردوودا لە وێستگەی هەڵشۆ تۆمارکراوە لە قەزای پشدەر، کە خێراییەکەی 97 کیلۆمەتر بووە لە سەعاتێکدا.
ئەوەشی خستووەتە روو، لەدوای ئەویش ناحیەی مەیدان زۆرترین خێرایی بای هەبووە کە 72 کیلۆمەتر بووە لە سەعاتێکدا، دوای ئەویش بازیان بە 66 کیلۆمەتر لە پلەی سێیەمدایە.
هەروەها خێرایی با لە ناوەندی شاری سلێمانی 58 کیلۆمەتر بووە لە سەعاتێکدا.
بەپێی ئامارەکەی کەشناسیی، کەمترین خێرایی با؛ بە 23 کیلۆمەتر و 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، لە دەربەندیخان و پارێزگای هەڵەبجە بووە.
لە ئێوارەی دوێنێوە رەشەبایەکی بەهێز چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دار لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا شکاون و گرفت بۆ 25 فیدەری کارەباش دروست بوو لە سنوری سلێمانی، کە بەهۆیەوە کارەبای چەندین گەڕەک لە ناوەوە و دەرەوەی شاردا بڕان.