وەفدێکی باڵای هەرێم گەیشتە بەغداد و وەڵامی رەشنووسەکەی حکومەتی عیراقیان پێیە

هەساو ئەمیر

٧ی تەمووزی ٢٠٢٥

وەفدێکی باڵای هەرێم گەیشتە بەغداد و وەڵامی رەشنووسەکەی حکومەتی عیراقیان پێیە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لەسەر زۆرینەی پرسەکان رێککەوتوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، وەفدێکی باڵای هەرێم گەیشتووەتە بەغداد و لەگەڵ خۆیاندا وەڵامی ئەو رەشنووسەیان پێیە کە حکومەتی عیراق خستبوویە بەردەستی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە و زۆرینەی گرفتەکانیان تێپەڕاندووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پرسی نەوت بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە تاوەکو لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی تەکنیکی دێتە هەرێم و لە نزیکەوە ئەوە چارەسەر دەکەن ئاخۆ هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ بڕی چەند نەوتی پێویستە.

پێشتر هەرێم داوای زیاتر لە 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەکرد بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام ئێستا داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بەڵام بەغداد بەپێدانی تەنها 46 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رازییە.

لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆشەوە رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە کە هەرێم مانگانە 115 ملیار دینار رادەستی بەغداد بکات.

هەرچی لەبارەی کرێی کۆمپانیاکانە؛ لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان هەرێم و عیراق کە کرێکە یان بە پارەی کاش یان بە پێدانی نەوت بدرێتەوە بەو کۆمپانیایانە.

ئەوەی جێگای ئومێدە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز چاوەڕوان دەکرێت بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیار لەسەر چارەنووسی موچە بدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئاب نزیک دەبنەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، هێشتا موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و زیاتر لە 70 رۆژە هیچ موچەیەک دابەش نەکراوە.

نوێترین هەواڵەکاننوێترین هەواڵەکان

بریندارێكی ئاگركەوتنەوەكەی گرتووخانەی كۆبانێ گیانی لەدەستدا و 17 گەنجی دەستگیركراویش لە زیندانی حەلەب ئازادكران.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی گرتووخانەی كۆبانێ، بەهۆی گیانلەدەستدانی یەكێك لە بریندارەكانەوە بەناوی ئەحمەد عەقیل بۆ 10 حاڵەت بەرزبووەتەوە و بەوەش ئاماری بریندارەكان بووەتە 19 كەس كە رەوشی سێ كەسیان ناجێگیرە.

پەیامنێری كوردسات نیوزیش لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، 17 گەنجی كوردی دانیشتووی كۆبانێ كە لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی دەربڕینی ناڕەزاییەوە دەستگیركرابوون و رەوانەی زیندانی حەلەب كرابوون، ئازادكران.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە گرتووخانەی كۆبانێ، نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 20 كەسی تریش برینداربوون، زۆربەشیان ئەو هاووڵاتیانەی رۆژئاوای كوردستان بوون كە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیركرابوون لە دژی شەهیدكردنی شەڕڤانێك لەلایەن چەند چەكدارێكی عەرەبەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یاوەری وەفدێکی وەزارەت، سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی چینی لە هەولێر کرد، بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمی و بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی خوێندکاری دکتۆرا (محەمەد سەعدالدین هادی) لە چین و ئاسانکاری بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی کەیسەکە کردەوە و ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ رەوانەکردنی وەفدێک بۆ چین بە مەبەستی روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی و ئاسانکاریکردن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی، تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دڵنیایی بداتە خانەوادەکەی و خوێندکارانی کورد لەو وڵاتە.

لە بەرانبەردا، کونسوڵی گشتیی چین هاوخەمیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لە ئێستادا باڵیۆزخانەی عیراق لە چین لەگەڵ زانکۆی دەریایی چین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی هۆکاری روداوەکە، و دڵنیاییدا کە کەیسەکە لەلایەن تیمێکی پیشەیییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی کۆندا (لە 3ی ئاب تا 10ی ئەم مانگە)، نزیکەی 800هەزار هاوبەش لە سەرانسەری هەرێم سوودیان لە بڕیاری داشکاندنی 50٪ی قەرزی کۆنی کارەبا وەرگرتووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزە کۆنەکان بووە پێش جێبەجێکردنی تەواوەتیی "پڕۆژەی رووناکی" و گواستنەوە بۆ سیستەمی نوێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی زۆری ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر بووە توانیویانە لەو دەرفەتە سوودمەند ببن و جەختیشی کردووەتەوە کە لەسەر پشتیوانیکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بەردەوام دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە