سەرۆکی پێشوتری لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: موچەخۆر بووەتە سوتەمەنی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداد، هەروەها دەستبەسەداگرتنی کێڵە نەوتییەکان و دەروازە سنورییەکان ئەگەرێکی بەهێزە.

د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی پێشوتری لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەبەرژەوەندی هەمووانە و ئەو سێ مەرجەی حکومەتی فیدراڵ بۆ هەرێمی داناوە دەستورین.

وتیشی، موچەخۆر بووەتە سوتەمەنی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداد، هەروەها ئەگەر هەولێر و بەغداد نەگەنە رێککەوتن دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا دەگیرێت.

سەبارەت بە کۆمپانیاکانی دەرهێنان و هەناردەی نەوت د.شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەکرد، تا کۆمپانیاکان رازی نەبن رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد ناکرێت و کۆمپانیاکان بەهۆی پشکەکانیان گرفت دروست دەکەن.

راشیگەیاند، نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت، عیراق بەنزین و نەوتی سپی بۆ هەرێم دابیندەکات.

سەرۆکی پێشوتری لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو،  دەستبەسەداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنورییەکان ئەگەرێکی بەهێزە، بۆیە جێبەجێکردنی دەستوری عیراق لەبەرژەوەندی گەلی کوردە.

د.شێرکۆ جەودەت هەڵوێستی ئەمریکای بۆ رێککەوتنی هەرێم و بەغداد رونکردەوە و وتی، ئەمریکا بەهۆی بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی فشار دەکات بۆ رێککەوتن.