سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەغداد و هەرێم نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی موچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم .

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەشنووسێكی ئامادە كردووە كە بریارە لەرێی لێپرسراوێكی كورد لە حكومەتی عیراقەوە بگەیەندرێتە دەست لێپرسراوانی هەرێم، بەپێی رەشنووسەكە بەغداد داوای هەموو نەوتی هەرێم دەكات و لە بەرامبەردا ئامادەیە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم تەرخان بكات، لە كاتێكدا هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل دەكات، بەڵام بەغداد ئامادەنییە پێچەوانەی راپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی عیراق مامەڵە بكات، كە 46 هەزار بەرمیل نەوتی دیاریكردوە بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێم.

هەروەها حكومەتی عیراق كە پێشتر داوای زیاتر لە 100ملیار دیناری كردوە لە پشكی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ئێستا داوای 90 ملیار دینار دەكات .

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر لە 24 سەعاتی داهاتوودا رەشنووسەكە لەلایەن هەرێمەوە قبوڵ بكرێت، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بریار لەسەر خەرجكردنی موچەی هەرێم دەدرێت.