بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شارۆچكەكە، لیژنەی زیادەڕەوی سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان هەندێك شوێنی قەزاكە دەخاتە ژێر چاودێری كامێراوە و تابلۆیەکی ئاگاداكردنەوەی لێهەڵدەواسێت.

لەوبارەیەوە شارەوانی سلێمانی ئەوەی خستووەتە روو، پێشتر بەکارهێنانی ئەو رێگایە سەرکەوتوو بووە و دانانی کامێرا میكانیزمێكی نوێی شارەوانییە، کە ئامانج لێی سنورداركردنی دیاردەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لە شوێنە گشتییەكان و پاراستنی زیاتری ژینگەی قەزا و ناحیەكانی سنوری پارێزگای سلێمانییە.

بەپێی راگەیەنراوی شارەوانی سلێمانی، شارەوانی دەربەندیخان تێرمیناڵی كۆنی سلێمانی لە خۆڵ و خاشاك پاككردووەتەوە و پاشان كامێرای چاودێری و ژینگەپارێزی تێدا جێگیر كردووە، لە هەمانكاتدا تابلۆیەکی ئاگاداركردنەوەی لە شوێنەكەدا هەڵواسیوە.

لەسەر تابلۆکە نووسراوە: تكایە خۆڵ و خاشاك لەم شوێنەدا فڕێ مەدەن، بەپێچەوانەوە توشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبنەوە، بۆ ئاگاداریتان ئەم شوێنە لەژێر چاودێری كامێرادایە.