شەوی رابردوو لە زاخۆ و کەرکوک و سەڵاحەدین چی رویدا؟
هەساو ئەمیر
١ی تەمووزی ٢٠٢٥
شەوی رابردوو سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانە و یەکێکیشیان لە ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە گەڕەکی عروبە کەوتە خوارەوە. لەلایەکی دیکەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین.
کەمپی دەرکاری زاخۆ:
شەوی رابردوو دوای ئەوەی قوتابخانەیەک لەناو کەمپی دەرکار لە نزیک زاخۆ بە درۆن کرایە ئامانج، سێ کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی کەرکوک کران، کە دووانیان لە فڕۆکەخانەکە ولەنێوان فڕۆکەخانەی شارستانی و سەربازی کەوتنە کەوتە خوارەوە.
لەبارەی کەپمی دەرکاری زاخۆ، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "سەعات 12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکار لە سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، کە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە."
کەمپی دەرکا تایبەتە بە کوردانی ئێزدی، کە ساڵی 2014 دوای چوونە ناوەوەی تیرۆرستانی داعش بۆ شنگال؛ ئاوارە بوون.
فڕۆکەخانەی کەرکوک:
لەبارەی کاتیۆشاکانی فڕۆکەخانەی کەرکوکیشەوە، بەپێی راگەیەنراوی فڕۆکەخانەکە، بۆردومانەکە زیانی ماددی هەبووە و یەک کارمەندی فڕۆکەخانەش بە سوکی بریندار بووە.
یەکێکی دیکە لە کاتیۆشاکانیش بەر ماڵی هاووڵاتیەک کەوت لە گەڕەکی عروبەی کەرکوک، کە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام زیانی ماددی بەر ماڵەکە کەوت و بەشێکی دیوار و بنمیچەکانی رووخان.
بەپێی لێدوانی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، گوماندەکرێت ئەو کاتیۆشایانە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە هەڵدرابن، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سنوری کەرکوک کوژرا.
پاڵاوگەی بێجی:
لەلایەکی دیکەوە لەدوای سەعات 2:00ی بەرەبەیان، لەرێگەی چەند درۆنێکەوە کە بەپێی لێدوانی عادل ئەحمەد قائیمقامی قەزای بێجی؛ ژمارەیان زیاتر لە 10 درۆن دەبوو، هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
قائیمقامی قەزای بێجی باسی لەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە بەو جۆرە هیرش بکرێتە سەر پاڵاوگەی بێجی.
ئەوەشی خستە روو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاڵاوگەکە توانیویەتی درۆنەکان بخاتە خوارەوە و زیان بە پاڵاوگەکە نەکەوتووە.
راشیگەیاند، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەکەوتووەتەوە.