د.موسەننا ئەمین: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت
محەمەد رزگار
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: لە دونیادا هیچ حکومەتێک نییە موچە نەدات بە موچەخۆرانی.
د.موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، تەیف سامی و دیوانی چاودێری دارایی عیراق موچەی هەرێمیان راگرتووە، دەشڵێت بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، عیراق دەبێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
وتیشی، بەغداد بۆ نەهێشتنی کەلێنەکانی لیستی موچە داوای بە بانکیکردن دەکات، هەروەها چونکە ت ئێستا حکومەتی هەرێم لیستێکی موچەی بێ کەموکورتی نادات بە عیراق.
د.موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم هیچ کارتێکی فشاری بەرانبەر بە بەغداد بەدەستەوە نییە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند، بڕیاردراوە نیوەی داهاتی هەرێم رادەستی بەغداد بکرێت، هاوکات دەبێت حکومەتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوت هەرناردەبکات.