قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

 

لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا.

 

قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم روونیکردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانوستانکارەکانی هەردوولا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. جەختیشی کردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد رێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.