سبەینێ وەفدی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری عیراق کۆدەبێتەوە
محەمەد رزگار
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیشتون بەرێککەوتنی سەرەتایی، بڕیاریشە سبەینێ لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری عیراق کۆببنەوە.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەپێی زانیارییەکان، هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق گەیشتون بە رێکەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وتیشی، بەپێی رێکەوتنە سەرەتاییەکە، رۆژانە بڕی 280 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەردەهێندرێت و رەوانەی دەرەوە دەکرێت، بڕی 150 هەزار بەرمیلی بۆ حکومەتی عیراق دەبێت و تەسلیمی سۆمۆ دەکرێت، 130 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەبێت لەبەرانبەر خەرجی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەییان نیشانداوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە مانگانە لەسەدا 50ـی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکات.
راشیگەیاند، هەر بەپێی زانیارییەکان سبەینێ وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوری عیراق کۆدەبنەوە، کە جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.