دەزگای ئاسایشی هەرێم کوشتنی سێ تیرۆریستی راگەیاند
سام
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای دژە تیرۆری عیراق لەڕووبەڕووبوونەوەیەکدا توانیان "ئامر قاطعى سلێمان بەگ لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی" بکوژن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای کۆکرنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردی سەلمێنراو و زانیاری هەواڵگری رۆژی 29ـی 6ـی 2025، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای دەستنیشان کردنی شوێنی حەشارەگە و مانەوەی تیرۆریستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای دژە تیرۆری عیراق، ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لەناوچەی پەڵکانە و تاوێرکەوە ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەستەویەخە، توانرا 'ئامر قاطعى سلێمان بەگ لەگەڵ دوو تیرۆریستی هاوەڵی' لەناوببرێت بەناوەکانی؛ تیرۆریست ئەیمەن جۆرج ئەحمەد ئەلعوبێدی کە نازناوی (ئادەم)ـە و ئامر قاطعى سلێمان بەگ بووە، هەروەها تیرۆیست (حسێن عەلی خەڵەف حەبیب ئەلمەفرەجی) نازناوی (ابو عەزرا)یە و چەکداری گرووپەکە بووە و تیرۆریست (یەعقوب) نازناوی (ئەبو جابان ئیرانی بووە) سەربڕ و گوازەرەوەی تیرۆریستان بووە".
هەروەها لە چالاکییەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، شوێنی مانەوە و مۆڵگەی تیرۆریستانیان خاپوور کرد.