بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، رەنگە ئێران بتوانێت لە ماوەی چەند مانگێكدا پیتاندنی یۆرانێوم دەستپێبكاتەوە.

رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێكەوتێكدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریكی رایگەیاند، پێیوایە ئێران دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێكدا دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بكاتەوە، سەرەڕای ئەو زیانانەی بە دامەزراوە ئەتۆمیەكانی كەوتووە بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە.

گروسی جەختی لەوەشكردەوە، یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران بە تەواوەتی زیانی بەرنەكەوتوە، بەشێكی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار، هەر بۆیە دەكرێت ئێران بە بەرهەمهێنانی جۆرە شلەمەنییەكی تایبەت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەستبكاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

ناوەڕاستی ئەم مانگە ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی كردە سەر شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەكانی ئێران.

دواتر ئەمریكا پەیوەندی بە هەڵمەتی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كرد و سێ دامەزراوەی سەرەكی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی كردە ئامانج.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیانەكانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی دوای شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر بووە، هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیان دەیان ساڵ بردووەتە دواوە.