سەرۆک کۆمار هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات تاوتوێ دەکات
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەردوولا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێکرد کە مەبەست لێی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی برا و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها بەکارهێنانی دیالۆگ و رێگەی ئاشتیانە وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات گرنگ دەبێت بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی و چڕکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی پتەوکردنی ئاشتیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا تیشک خرایە سەر پێشهاتەکان و دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە، لەوبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بۆ راگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ و کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی.