عەبدولقادر ئورالئۆغڵو وەزیری گەیاندنی تورکیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاندووە کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیستەنبوڵ و مەشهەدی ئێران دووبارە دەستیان پێکردەوە، لە کاتێکدا حەوت فڕۆکەی تورکی هێشتا لە ئێراندا گیریانخواردووە.

ئورالئۆغڵو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ باسی لە 11 فڕۆکە گیرخواردووەکانی کۆمپانیاکانی ئاسمانی تورکیا لە عیراق و ئێران کرد، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شەوی رابردوو چوار فڕۆکە لە عیراقەوە بە سەلامەتی گەڕێندراونەتەوە.

بەپێی قسەکانی وەزیری گەیاندنی تورکیا، حەوت فڕۆکەی دیکە لە فڕۆکەخانەکانی تەورێز و تارانی ئێران ماونەتەوە و بڕیارە لە 2ی تەممووز ئاسمانی ئێران بە تەواوی بکرێتەوە و ئەو فڕۆکانە بگەڕێنرێنەوە.

ئورالئۆغڵو هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە 26ی حوزەیرانەوە گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ عیراق، سووریا، ئوردن، لوبنان، سعودیە، قەتەر، بەحرێن، کوێت و ئیمارات دووبارە دەستیان پێکردوەتەوە.