وەفدێکی وەزارەتی دارایی بەغداد سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیان کرد و چەند پرسێکی سەبارەت بە موچە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ وەفدێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی د.حەیدەر جاسم بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنشینی عیراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانیان کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەیەکدا، گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی لە ( 3 ٪ ) موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عیراق مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا پرسی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژمارکردنی خزمەت و موچەکانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە رۆژی  13 ی ئایاری 2025  لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە بەرەسمی بانگهێشتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنەنشینی عیراق کرا بەمەبەستی کۆبونەوەو گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی تایبەت بەخانەنشینان لەهەرێمی کوردستان.