قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو و تیایدا ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرا. هەردوولا هیوایان خواست لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست ناوچەکە سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت و هەموو کێشە و ململانێیەکان بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زیاتر هاوکاربێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد و بە تایبەتیش باس لە کێشەی موچەخۆرانی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی کوردستان رایگەیاند ناکرێت موچە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت. وتیشی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێکی حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێم بکات و هیوای خواست بتوانرێت کێشەی موچە چارەسەر بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی کوردستان و هەموو عیراق پێکەوە دەتوانن گەشە بکەن و گەشەسەندنی هەر بەشێک لە عیراق لە بەرژەوەندی هەموو عیراقدایە. روونیشی کردەوە هەرێمی کوردستانیش کاتێک دەتوانێت گەشەسەندوو و بەهێز بێت کە لە بەغداد پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و بتوانین لە چوارچێوەی دەستوردا کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکەین.