سەرۆکی حکومەتی هەرێم: ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا بەپێی توانا لە داهاتی ناوخۆ موچە دەدەین
هەساو ئەمیر
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا شاندێک لەسەر ئاستی باڵا دەنێرێتە هەرێم بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەری گرفتی موچە. دەشڵێت: ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا بەپێی توانا لە داهاتی ناوخۆ موچە دەدەین.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بوو، کە دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسیلە دوایین پێشکەوتنەکان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە و نێوانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و پێکهێنانی حکومەت کرد.
لەبارەی موچەوە ئەمە پوختەی وتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوون:
-بە نایاسایی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راگیراوە.
-دەبوایە موچە لە سەرەتاوە تێکەڵی هیچ کێشە و گرژییەک نەکرێت.
-لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بەغدا شاندێک لە ئاستی باڵادا دەنێرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی راستەقینە بکرێت تا گرفتی بە تەواوی موچە چارەسەر بکرێت، هیوادارم لەم دوو سێ رۆژەی داهاتوو بگەینە رێککەوتن.
-لە مانگی ئازاری ساڵی 2023ـەوە کە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانمان پێگەیشتووە.
-رێککەوتنەکانمان لەبارەی نەوت لە ئەمریکا مافی دەستووری و یاسایی خۆمانە و پێشتر لەگەڵ دوو کۆمپانیای تردا ئەو رێککەوتنەمان هەبووە کە نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن، بۆیە داومانە بە دوو کۆمپانیای دیکە لە واشنتن و هیچ لایەنێکی نایاسایی تێدا نییە.
-ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا بەپێی توانا لە داهاتی ناوخۆ و خەرجییەکان موچە دابەشدەکەین، ئەگەر نەشتوانین لەکاتی خۆی وەک پێویست هەموو مافەکانیان دەستەبەربکەین، ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین.
-لەسەر دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکان لە حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام دەبین.
-ئاستی داهاتی ناوخۆ بەشی سەرجەم خەرجییەکان و پێداویستییەکان و موچە ناکات.
-ناتوانین بڵێین دەتوانین بە تەواوی هەموو پابەندییەکانمان بەرانبەر هاووڵاتیان جێبەجێ بکەین، بەڵام ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین.
-حکومەتی هەرێم ئەو توانایەی نییە بەتەنیا سەرجەم موچەکانی موچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات.
-هۆکاری نەناردنی موچە ئەو سکاڵایانەن کە هەندێک لایەنی ناوخۆ داوایان کرد حکومەتی فیدڕاڵی دەستوەردان لە بابەتی موچەدا بکات.
-پابەندبووین بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان و داهاتمان ناردووەتە بەغدا جگە لەو کاتەی موچە نەنێردراوە بۆ تەکمیلکردنی موچە بەکارمان هێناوە.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووەوە ئەمە پوختەی وتەکانی سەرۆکی حکومەت بوون:
-ویستومانە حکومەتێکی بێکێشە پێکبهێنین نەک حکومەتێکی زۆرینە.
-لەسەر ئەجێندای حکومەت گەیشتووینەتە رێککەوتن و لەگەڵ یەکێتی بۆچوونمان هاوبەشە لەسەر بەڕێوەبردنی حکومەت، تەنها چەند بۆچونێکی جیاواز هەیە لەسەر پۆستەکان.
لەبارەی چارەسەری گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند ئەمە پوختەی وتەکانی سەرۆکی حکومەت بوون:
-دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد داناخەین.
-لەسەر دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکان لە حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام دەبین.
-دەبێت هەموومان لەم وڵاتە یەکسان بین و خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، دەمانەوێت بگەینە رێککەتنێک هەموومان یەکسان بین، بەپێچەوانەوە ئەوە گرفت لە جێبەجێکردنی دەستور لە عیراقدا هەیە.
-ئەگەر دەستوور هەموار بکرێتەوە داوای زیاتر بۆ خەڵکی هەرێم دەکەین.
-پابەندبووین بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان بەرانبەر بەغداد و داهاتمان ناردووە، جگە لەو کاتەی کە موچە نەنێردراوە؛ بۆ تەواوکاری موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەکارمان هێناوە.