ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەبارەی موچەوە بدرێت
هەساو ئەمیر
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەبارەی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانەوە بدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و بڕیارە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە موچەی موچەخۆران بێت و چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی هەرێم بڕیار لەبارەی موچەی مانگی پێنجەوە بدات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان نیوز، پێدەچێت حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ موچەی مانگی پێنج دابەشبکات، ئەگەرچی باس لە لێبڕینی موچە دەکرێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی رەسمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بڕیاریشە سەعات 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا حکومەتی هەرێم ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات.
موچەخۆرانی هەرێم لە کۆتایی مانگی شەشدان و هێشتا موچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە و بەغداد ئامادە نییە بەردەوام بێت لە ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
لە دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاربوو دادگای فیدڕاڵی عیراق کۆببێتەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی موچەوە بدات، بەڵام هەفتەی رابردوو شەش ئەندامی دادگاکە دەستیان لەکار کێشایەوە و بەوەش کۆبوونەوەی دادگا لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە نەکرا.
لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیارێکی کۆتایین لەبارەی موچەکانیان، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 50 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.