نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكات
محەمەد رزگار
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئدانەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکات و دەڵیت: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری هێرشەکان.
دەقی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان....
ئیدانەی ئەو هێرشانەی سەر ئێران دەکەین کە بوونەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەمانکاتدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عیراقیشە.
ئەم کارانە بنچینەکانی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان لاوازدەکەن و دەبێتە هۆی ئەوەی مەترسییەکی زیاتر بخاتەسەر ئەو بارودۆخە هەستیارەی کە لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەمەی ئێستا روودەدات تەنها کارێکی بێباکانە نییە، بەڵکو بەئامانجگرتنی بەئەنقەست و پەکخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردوون.
هەوڵەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بوونەتە هۆی دانانی بناغەیەک بۆ بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو، ئەم کارانەش هێرشێکی راستەوخۆن بۆسەر ئەم هەوڵانە.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە لەم هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە بەتایبەت سڤیلەکان، کە بەم ئازارە قورس و سەختەدا تێپەڕدەبن.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر. خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی هەیە ئەمەش تەنها لەرێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەکەوێت.
جەخت لەوەش دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و بە ئاشتی بمێنێتەوە. هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و ئەو سەقامگیرییەی کە زۆر بە جددی کارمان بۆ کردووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئاڵۆزی چواردەوری گرتووین.
نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان