ئەو هاووڵاتیانەی کە لە گەشتەکانیان لەدەرەوەی وڵات گیریان خواردووە بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە هەموو عیراق، لەلایەن لیژنەیەکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان دەکرێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عیراق داخراو گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیران، ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبوڵ دروستکرد کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان،هاوکات ژمارەیەک لەحاجیان کە سەفەری ماڵی خوایان کردبوو، لەڕێگەی گەڕانەوەیان لەفڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی، لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هاووڵاتیان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتیان تێیدا گیریان خواردووە لە پەیوەندیدایە بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکان، تا بتوانین بەزووترین کات ئەو هاووڵاتیانە بگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو،حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت بە هانای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بچێت لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک. وەک چۆن لەسەردەمی پەتای کۆڕۆناو لەکاتی روداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکیداوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان.