وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە پێكهێناوە كە لە وڵاتانی دەرەوە گیریانخواردووە
هادی
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لیژنەیەكی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە پێكهێناوە كە لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاندە، بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكە، ئاسمانی عیراق داخراوە و گەشتەكانی چوون و هاتن لە هەموو فڕۆكەخانەكان راگیراون، ئەوەش گرفتێكی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەكانی ئیستەنبۆڵ دروستكردووە، ژمارەیەك لەحاجیانی هەرێمیش لە رێگەی گەڕانەوەیان لە فڕۆكەخانەی عەممان گیریانخواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاندووە، لە رێگەی پێكهێنانی لێژنەیەك لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە رەسمییەكانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان تیایاندا گیریان خواردووە، لە پەیوەندیدان بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێكارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێم.