پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی دروستبوونی شەڕەتەقە لەنێوان دوو خێزاندا، دوو کچی خێزانێکی دیکە گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش بریندار بوون.

عیمان حسێن بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆمەڵگەی بەشیریان لە بەردەڕەش دوو خێزان بووەتە شەڕیان و دواتر شەڕەکە گەورە بووە و تەقەیان لە یەکتر کردووە.

وتیشی، بەهۆی تەقەکردنەکانەوە دوو کچی خێزانێکی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە پەیوەندیان بە کێشەکەوە نەبووە و دایک و باوک و کچێکی دیکەیان بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای روداوەکە راستەوخۆ کوژراو و بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی خەبات و دواتر بۆ هەولێر گواستراونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تەرمی دوو کچەکە بە خاک سپێدراون و دایک و باوک و خوشکەکەی دیکەشیان لەژێر چارەسەری پزیشیکدان.