سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە هەرگیز لەژێر هیچ فشارێكدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانمان نابین.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: لێپرسراوانی حكومەتی فیدڕاڵی بە شێوەیەكی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری راگرتنی موچەی خەڵكی كوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێكە لە سیاسەتی فشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتنی خۆی بوەستێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە دڵنیاییەوە حکومەتی فیدڕاڵ لەم هەوڵانەدا سەركەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، لە ساڵانی رابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێكدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانمان نابین.