بۆ مانگی پێنجی رابردوو زیاتر لە 60 هەزار بەشداربووی پرۆژەی روناکی 20 بۆ 80 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی روناکی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 سەعاتییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەکانی مانگی پێنج.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، بە تێکڕا هەریەکێک لەم ماڵانە تا 20 هەزار دینار بە‌شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەمە بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج.

 

 

ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە:

(یەکەم) پێشتر پارەیەکی زیاترییان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسەندی کرد.

(دووەم) ئەو هاووڵاتییانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتی حکومی بەڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا. ئەمەش وەک پاڵپشتیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتی مانگی یەکەم بەڕێژەی ٪50 و مانگی دووەم بەڕێژەی ٪25.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەندکرد. لە ئەنجامدا، ئێستا ٪80ی هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاووڵاتییان.