عراقچی: عومان بەم نزیکانە وادەی خولی داهاتوی دانوستانەکانی ئێران-ئەمەریکا رادەگەیەنێت
رەوەز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند کە سەڵتەنەتی عومان بەم نزیکانە بەفەرمی وادەی خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن رادەگەیەنێت.
عراقچی لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم دانوستانانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی وەستاو لە بارەی پرسی ئەتۆمی دێت.
عومان بەردەوامە لە رۆڵی نێوەندگیری
وەزیری دەرەوەی ئێران تەکیدی لەسەر ئەوەکرد کە مەسقەت بەردەوامە لە رۆڵی نێوەندگیری کاریگەر لە نێوان تاران و واشنتن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خولی داهاتوو لەسەر بنەمای پێشنیازێکی نوێ کە ئێران بەم دواییە لە لایەنی ئەمەریکییەوە وەریگرتووە دەبێت.
عراقچی دەشڵێت کە تاران وەڵامی خۆی بەگوێرەی بنەما نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران ئامادە دەکات.
تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە
لە بەرتەسکی زانیاریەکاندا، عراقچی راشیگەیاند کە "تا ئێستا وادەی خولی داهاتوو دیاری نەکراوە، بە چاوەڕوانی هەماهەنگی عومان و ئێرانی-ئەمەریکی."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە دانوستانە ناراستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە و سەڵتەنەتی عومان بەردەوامە لە رۆڵی ناوبژیوانی لە رێکخستنی قۆناغی داهاتووی گفتوگۆی ئەتۆمی.
هۆشداری بۆ ئیسرائیل
عراقچی بە ئاماژەیەکی راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل وتی: "ئێران خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی نییە، بەڵام بە وردی دەزانێت کێ خاوەنی دەیان سەری ئەتۆمییە!"
عراقچی دووپاتی کردەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانە و لەسەر بنەمای زانستی و ئایینی دامەزراوە، هەروەها رایگەیاند کە فەتوای رێبەری باڵای ئیسلامی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند کە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا تاران خۆشحاڵە بە "پشتیوانی میسر" و ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو وڵات هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەیە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.