رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند کە هێزەکانیان تەرمێکیان دۆزیوەتەوە کە گومان دەکەن هی محەممەد سینوار، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس بێت.

بە پێی راپۆرتی رادیۆی سوپای ئیسرائیل، تەرمەکە لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەی ئەوروپی لە خان یونس دۆزراوەتەوە، دوای ئەوەی ئەو دامەزراوە تەندروستییە خاپوور کرا.

وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکە:

سەرچاوەی سەربازی ئیسرائیلی دەڵێت کە تەرمی گوماناوی سینوار لەنێوان ١٠ تەرمی دیکە دۆزراوەتەوە کە هەموویان چەکداربوون و لەژێر زەمینی نەخۆشخانەکە شاردرابوونەوە.

بە گوێرەی رادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئەم چەکدارانە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ دا کوژراون کە لە نەخۆشخانەی ئەوروپی ئەنجام دراوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندبوو کە سوپای ئیسرائیل سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس، محەممەد سینواری کوشتووە.