پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر و ئیدارەی سۆران هۆشداری دەدەن بە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەڵێن، سبەینێ‌ لە هەموو نەخۆشخانەكانی هەولێر و سۆران بایكۆتی دەوام دەكەن.

پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە راگەیەنراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە، ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، لە ماوەكانی رابردوودا پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەم هەموو رێگەیەكی یاسایی و مەدەنییان گرتووەتەبەر، بەڵام وەزارەتی نەك هیچ چارەسەرێكی بۆ كێشەكەیان نەبووە، بەڵكو هەڵستاوە بە شێواندنی سیستمی پلەبەندی پزیشكی و پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم ناچار دەكات، دەوامی سێ‌ خولی بخەنە ئەستۆی خۆیان.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، رۆژی شەممە سەعات 8ـی بەیانی لە هەموو فریاكەوتن و نەخۆشخانەكانی هەولێر و سۆران بە هەموو بەشەكانییەوە، بایكۆتی دەوام رادەگەیەنن، تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

هەروەها داوا لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو رەوشەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستمی تەندروستی كوردستان بپارێزن.