رەوەز احمد شا: نیگەرانم بۆ دۆخی کۆمەڵگەکەم کە موچەیان وەرنەگرتووە
محەمەد رزگار
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئێوارەی دوێنێ کۆمەڵێک خاوەن پێداویستی تایبەتی بەسەرکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانی کرد و رایگەیاند: بەقوڵیی نیگەرانم بۆ دۆخی کۆمەڵگەکەم و موچەخۆران و خێزانەکانیان کە موچەیان وەرنەگرتووە.
رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی رۆژی عەرەفەی پیرۆزدا دووبارە بەدیداری دڵ ناسکەکانی شارەکەم شادبومەوە و چەند ساتێکی پڕ هەست و سۆز و میهرەبانی و برایەتیم لەگەڵ بەسەربردن، کە چەند ساتێکی لەبیرنەکراو و پڕ واتابوون بۆم.
وتیشی، بەڕاستی بە شایستەمان زانین کە روویان تێبکەین و هێزی خۆمان بۆ دڵخۆشکردن و گەرمکردنی جەژنەکەیان تەرخان بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دڵ سپی و دڵ ناسکانەی کە هیچ تێگەیشتنێکیان نییە لەدۆخی ژیان و نەبونیی و پاساوە سواوەکانی حکومەت لەسەر دواکەوتنی موچەی دایک و باوکیان.
رەوەز ئەحمەد شا راشیگەیاند، لەگەڵ پیرۆزبایم بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، بەقوڵیی نیگەرانم بۆ دۆخی کۆمەڵگەکەم و موچەخۆران و خێزانەکانیان، بەتایبەت ئەوانەی کە نەیانتوانیوە سفرە و خوانی جەژنیان بەو جۆرە بڕازێننەوە کەشایستە بێت.





