لە راپرسییەكەدا زۆربەی دانیشتوانی باكوری كوردستان پشتیوانیی لە بڕیاری پەكەكە دەكەن بۆ دەستبەرداربونی خەباتی چەكداریی.

ناوەندی ئانكەت بۆ توێژینەوەی سیاسی كۆمەڵایەتیی ئەنجامەكانی نوێترین راپرسیی كە لە 16 پارێزگای باكوری كوردستان ئەنجامی داوە بڵاوكردوەتەوە و دەركەوتوە 71.5٪ی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە پشتیوانیی لە بڕیارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەكەن.

راپرسییەكە لە 18 تا 20ی مانگی ئایار كراوە و بە پێی ئەنجامەكانیش زۆربەی دانیشتوانی ئەو 16 پارێزگای باكور بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ی پەكەكەیان بە گونجاو زانیوە و پشتیوانیان لێكردوە.

لە راپرسییەكەدا تەنها 38.8٪ی بەشداربوان پێیان وابوە پڕۆسەی ئاشتیی لە باكوری كوردستان و توركیا جێگیر دەبێت و 22.7٪یش پێان وایە ئەو پڕۆسەیە جێگیر نابێت.

هەر بە پێی راپرسییەكەی ئانكەت رێژەی 44.9٪  لە دانیشتوای 16 پارێزگای باكوری كوردستان دەنگ بە پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان دەم پارتی دەدەن و پارتی داد و گەشەپێدان ئاكەپە 19.5٪ی بەشداربونانی راپرسییەكەی بەدەست هیناوە كە بەراورد بە رابردو 5٪ كەمی كردوە.