وەزارەتی دارایی عیراق ئامادەیە بە فەرمانێكی سالاری دادگای فیدراڵی موچە بنێرێت
لاوان
٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا كێشەی راگرتنی موچەخۆرانی هەرێم باس بكرێت و بڕیارێك بۆ چارەسەركردنی بدرێت، بەڵام دانیشتەنەكە بەبێ باسكردنی ئەو كێشەیە كۆتایی هات و وەزیرێكی كوردیش دەڵێت، كێشەی موچەخۆرانی هەرێم لە دەستی سودانیدا نەماوە.
د.خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەدوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی كۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی كێشەی راگرتنی موچەی هەرێم كردووە، سودانیش بە راشكاوانە پێی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم هیچ كام لە پابەندییە یاسایی و داراییەكان، لەنێویاندا بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە جێبەجێ ناكات، لەئێستادا ئەو پرسە وەكو سەرۆك وەزیران لە دەستی ئەودا نەماوە، بەڵام پێداگرە لەسەر ئەوەی دوای جەژنی قوربان هەنگاوی راستەقینە بنرێت بۆ چارەسەركردنی.
سودانی ئاماژەی بەوەشداوە، فشارێكی زۆری لایەنە شیعەكان و بە دیاریكراوی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەرە بۆ نەناردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆیە ناتوانێت لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی موچەی هەرێم بنێرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، وەزارەتی دارایی عیراق ئامادەیی نیشانداوە بە فەرمانێكی سالاری دادگای فیدراڵی موچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام تائێستا دادگای ناوبراو وەڵامی ئەو سكاڵایەی نەداوەتەوە، كە لەوبارەیەوە لەلایەن ژمارەیەك موچەخۆری هەرێمەوە تۆماركراوە.