دەم پارتی: پەروین بوڵدان دەبێتە شوێنگرەوەی سری سورەیا ئۆندەر لەپەرلەمانی توركیا
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
دەم پارتی رایگەیاند، پەروین بوڵدان وەك جێگری نوێی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دیاریی كراوە و بڕیارە جێگەی سری سورەیائۆندەر بگرێتەوە.
پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان دەم پارتی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای كۆبونەوەی پارتەكەیان پەروین بۆڵدان، پەرلەمانتاری دەمپارتی لە پارێزگای وان و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان دیاریی كراوە.
لە راگەیەنراوەكەی دەم پارتیدا هاتوە كە دوای گفتوگۆی ئەندامانی پارتەكە پەروین بوڵدان پێشنیاز كراوە بۆ ئەوەی لە شوێنی سری سورەیا ئۆندەر ، وەك جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەست بەكار بێت.
سری سورەیا ئۆندەر، جێگری پێشوی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەسەر پشكی دەم پارتی و ئەندامی وەفدی ئەو پارتە بۆ چاوپێكەوتنەكان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی، بەهۆی جەلتەی دڵ دوای 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە سێی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە تەمەنی 65 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
دەم پارتی رایگەیاندوە كە لە رۆژانی داهاتودا ناوی پەروین بوڵدان بەشێوەیەكی رەسمی رادەستی پەرلەمان دەكرێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی لایەنە یاساییەكانی و دەستبەكاربونی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا.